ڕێکخستنی بۆڵۆنا پڕۆسێس لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان

بژار عبداللە احمد
ڕێکخستنی بۆڵۆنا پڕۆسێس لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان

م.ی. سالار سوار اسماعیل
زانکۆی سۆران-فاکەڵتی یاسا و زانستە سیاسیەکان و بەڕێوەبردن-بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان

Abstract

بۆڵۆنا پڕۆسێس وەک یەکێک لە باشترین سیستەمەکانی خوێندن لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەتایبەتیش لە چەندین وڵاتی ئەوروپی پەیرەو دەکرێت. بۆیە بۆلۆنا پڕۆسەیەکە کە پێویستە بە پێی هەلومەرج و توانا و بارودۆخی زانکۆکان لە هەر وڵاتێک بگونجێنرێت بە مەرجێک لە پرنسیپە سەرەکیەکانی لانەدرێت و ئامانجی پڕۆسەکە لەبەرچاو بگیرێت کە بریتییە لە بەسەنتەر کردنی قوتابی/خوێندکار، ئەمەش لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆمەڵێک چالاکیەوە جیا لە کاتژمێرەکانی خوێندنی ناو پۆل بەدەستدەهێنرێت. هەروەها بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە گشت زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سیستەماتیکی بەڕێوەبچێت، پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ دابڕێژرێت و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکی گشتگیر زۆربەی بابەت و خاڵە سەرەکیەکانی تیادا ڕێکبخرێت بە شێوەیەک تاڕادەیەک نەرمی تیادا بێت، چونکە خودی بۆلۆنا پرۆسەیە نەک سیستەمێکی جێگیرو نەگۆر، ئەمەش بۆ مەبەستی ئەوەی بتوانرێت لەگەڵ سروشتی گشت بەشە زانستیەکان بگونجێت و لە هەر خولێکی دەرچوونی قوتابیان بتوانرێت کەم وکورتیەکان دەستنیشان بکرێن و گفتوگۆی زانستی لەسەر بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان. هەر بۆیە وا پێویستە ڕێنماییەکان تیشک بخەنە سەر گشت قۆناغەکانی پڕۆسەکە هەر لەسەرەتای وەرگرتن و تۆمار کردنی قوتابی/خوێندکار تاکو دەرچوونی و وەرگرتنی بڕوانامەکەی. ئەمەش لە پێناو ئەوەی چارەسەر کردنی ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی زانکۆکان دەبێتەوە یەکخراو بێت و لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکان دا بێت.